ڕاستەوخۆ

9ـی گوڵان؛ چوار مەزاری ون، مێژوویەکی زیندوو

reset font size increase font size

ئامادەکردن/ ئازاد عەلی

لە بەرەبەیانی 9ـی ئایاری 2010، زیندانی ئێڤین لە تاران یەکێک لە تاریکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێرانی تۆمار کرد. چوار زیندانیی سیاسیی کورد؛ فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هۆلی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی، بە شێوەیەکی نهێنی لەسێدارە دران.

ئەم چوار چالاکوانە کە لە نێوان ساڵەکانی 2006 بۆ 2008 دەستگیر کرابوون و لە پرۆسەی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا بە تۆمەتی "موحارەبە" و ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا.

خۆڕاگریی ئەم تێکۆشەرانە لە ناو زینداندا، لە ڕاستیدا ململانێی ئیرادە بوو لەگەڵ دزگایەکی سەرکوتکاری بێبەزەیی. هەر ئەمەش بوو کە بەرخۆدانی ئەوانی لە ڕووداوێکی کاتییەوە گۆڕی بۆ مێژوویەکی زیندوو کە تا ئەمڕۆش هەوێنی ئازادیخوازییە.

شیرین عەلەم‌هۆلی؛ شیرین کچە کوردێکی خەڵکی ماکۆ بوو، وەک سیمبولی خۆڕاگری و ئیرادەی ژنی کورد دەناسرێت. ژنێکی خاوەن بیروباوەڕێکی قووڵ بوو، لە زیندانیشدا بە هەڵگرتنی پێنووس و فێربوونی خوێندن و نووسینی زمانی دایکی، سەلماندی بنەمای تێکۆشان هۆشیارییە.

فەرزاد کەمانگەر؛ جگەلەوەی مامۆستایەک بوو، ببوە باخەوانێکی هیوا بوو بۆ منداڵانی کوردستان. فەرزاد لە ناو پۆلەکاندا بە گوتنەەی چیرۆکی "ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە"، فێری منداڵانی دەکرد، چۆن بەرەو ڕووبارە گەورەکان مەلە بکەن، هەروەها بە نامەکانی خۆی بۆ ژیان و ئازادی دووپات دەکردەوە.

فەرهاد وەکیلی، کەسایەتییەکی تێگەیشتوو و خاوەن ئەزموون بوو کە وەک ئەندازیارێک خزمەتی بە نیشتمانەکەی دەکرد. فەرهاد بەهۆی ڕەوشتە بەرزەکەی و بیروباوەڕەکانی، لە ناو هاوڕێکانیدا جێگەی متمانە و ڕێز بوو. ئەو نموونەی مرۆڤێکی خێزاندۆست و تێکۆشەر بوو کە ئامادە نەبوو لە پێناو بەرژەوەندی شەخسیدا، پشت لە خەونە گەورەکانی گەلەکەی بکات.

عەلی حەیدەریان، گەنجێکی چاونەترس و دڵسۆز بوو، لە خێزانێکی زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەردا پەروەردە ببوو. ئەو بە کەسایەتییەکی بێدەنگ بەڵام پڕ لە کردار دەناسرایەوە. لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا سادەیی و ڕاستگۆیی پاراست و لەگەڵ هاوڕێکانی شیرین، فەرزاد و فەرهاد، بوونە تابلۆیەکی یەکگرتوو لە وەفا و هاوڕێیەتی، کە تا کۆتا هەناسە دەستیان لە دەستی یەکتر بەرنەدا.

لەسێدارەدانی ئەم شەهیدانە، کە تەنانەت دەسەڵات ئامادە نەبوو تەرمەکانیشیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە، کاردانەوەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێنا. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە 13ـی ئایاری هەمان ساڵدا یەکێک لە گەورەترین مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی مێژووی خۆی بەڕێوەبرد.

دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، حکومەتی ئێران هێشتا پەتی سێدارە وەک ستراتیژێکی سەرەکیی بۆ تۆقاندن و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی بەکاردەهێنێت. تاوەکو ئەمڕۆش، ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران، بەتایبەت بەرانبەر بە چالاکوانانی کورد، بەلۆچ و کەمینەکان، لە بەرزترین ئاستەکانی جیهاندایە و ڕۆژانە هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاودەکرێتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.