82 براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە نامەیەکی نوێدا بۆ کۆمیتەی وەزیرانی پەرلەمانی ئەوروپا، داوا دەکەن بڕیاری ساڵی 2014ـی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، جێبەجێ بکرێت و "مافی هیوا"ی بۆ مسۆگەر بکرێت.
ئەمە سێیەمین بانگەوازی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کە ئاڕاستەی ئەوروپای دەکەن.
نامەکە پێش کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی کۆمیتەکە نێردراوە، کە بڕیارە تێیدا تەوەری "مافی هیوا" (مافی پێداچوونەوە بە سزای زیندانیی هەتاهەتایی) تاوتوێ بکرێت.
براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ لە نامەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکان کە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەستپێکردووە و دەنگێکی گرنگە بۆ ئاشتی، نەک تەنیا بۆ تورکیا بەڵکوو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە نامەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قورس و دژوار دەبێت، هەڵوێستی پێداگرانەی ئۆجالان لەسەر دیالۆگ و چارەسەریی دیموکراتیک، ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی گێڕاوە و کۆمەڵگەی کوردی ئاڕاستەی ڕێگاکانی چارەسەریی ئاشتییانە کردووە."
ئاماژە بەوەش کراوە کە کاریگەریی ئۆجەلان سنورەکانی تورکیای تێپەڕاندووە و لە ناوچە کوردییەکانی سوریا و ئێرانیشدا لەسەر بنەمای چارەسەریی سیاسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان کاریگەری هەیە.
لە بەشێکی تری نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2025دا، پەکەکە بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و هەنگاوی ناوە بەرەو کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی، ئەمەش وەک نیشانەی ئیرادەیەکی دیار بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی لەقەڵەم دراوە.
براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ تیشکیان خستووەتە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیا و ڕایانگەیاندووە: "پەیوەندی و دانوستانی ڕاستەوخۆی 'کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی' لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، پێشکەوتنێکی گرنگە."
هاوکات هۆشداری دەدەن کە چوارچێوەی یاسای ئێستای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" لە تورکیا، هێشتا ڕێگرە لەبەردەم گفتوگۆکاندا.
لە کۆتایی نامەکەدا، داوا لە پەرلەمانی ئەوروپا کراوە هەنگاوی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بنێت.
داواشیان کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەواوەتی و بێسنوور بەشداریی هەوڵە ئاشتیخوازییەکان بکات و ستاتۆی یاسایی ڕوون بکرێتەوە.
لە کۆتا دێڕی نامەی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵدا هاتووە: "لەم ساتە چارەنووسسازەدا، جیهان پێویستییەکی هەنووکەیی بە سەرکردەی ئاشتیخواز هەیە."