کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی ڕایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانی لە ئێستادا دواخراوە، بەڵام بەڵێن دراوە دوای تەواوبوونی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ڕێکارەکان بۆ گەڕانەوەی ئەوانیش دەستپێبکەن.
تاوەکو ئێستاش 80 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
جوان ئیسۆ، ئەندامی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و ڕایگەیاند، بەرپرسانی حکومەتی کاتی پێیان ڕاگەیاندوون کە لە ئێستادا شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئەواندا نییە.
ئەمەش وایکردووە دۆخی ئەمنی ببێتە ڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەی دەستبەجێی هاوڵاتییان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەبارەت بە پلانی داهاتووی کۆمیتەکە و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئاوارەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی دۆسیەی تێکەڵبوونەوەدا، پلان وایە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە و شارەکەش بە فەرمی ببێتەوە بە بەشێک لە پارێزگای حەسەکە.
کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو سەرژمێری و بەدواداچوونانەی کە ئەنجامیان داون، تاوەکو ئێستا 80 هەزار ئاوارەی سەرێکانی، کە لە 14 هەزار خێزان پێکدێن، بە فەرمی ناوی خۆیان لەپێناو گەڕانەوە بۆ زێدی باوک و باپیرانیان تۆمار کردووە و چاوەڕێی ڕەخسانی دەرفەتی گونجاو دەکەن.