بەگوێرەی نوێترین وێنەکانی مانگی دەستکرد، پەڵەیەکی گەورەی نەوت لە ئاوەکانی ڕۆژئاوای دوورگەی "خارک"ی سەر بە ئێران بینراوە، کە بەهۆیەوە مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لە ناوچەکە و ئاوەکانی کەنداو دروستکردووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند ڕاپۆرتێکی مانگی دەستکرد، ئاماژە بەوە دەکات کە لانیکەم 80 هەزار بەرمیل نەوت لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە ڕژاوەتە نێو ئاوەکانی کەنداو.
وێنەکان دەریدەخەن کە ڕووبەری ئەم پەڵە نەوتە گەیشتووەتە زیاتر لە 70 کیلۆمەتری چوارگۆشە، ئەمەش وەک یەکێک لە گەورەترین حاڵەتەکانی دزەکردنی نەوت لە ناوچەکەدا لەمساڵدا هەژمار دەکرێت.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران بە فەرمی هۆکاری سەرەکیی ئەم دزەکردنەیان ڕانەگەیاندووە، کە ئایا بەهۆی تێکچوونی بۆرییە گواستنەوەکان بووە یان کێشەی تەکنیکی لە سەکۆ نەوتییەکانی دوورگەی خارک دروستبووە.
دوورگەی خارک یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و زۆربەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لەوێوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، هەربۆیە هەر کێشەیەکی تەکنیکی لەو ناوچەیەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگەی دەریایی و پرۆسەی هەناردەکردن دەبێت.