ڕێژنه سهردار
دوای نزیکەی 40 رۆژ لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لهگهڵ ئێران، ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو هاتە ئاراوە و پێدەچێت گرنگترین هێزی دەسەڵاتی ئێران لە توانا ئەتۆمی و موشەکییەکانیدا نەبێت، بەڵکو لە توانای کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی ستراتیژیی هورمزدا بێت، كه به درێژایی جهنگهكه باڵادهستی خۆی بهسهریدا سهپاندبوو.
لە سەرەتی جەنگەکەوە، هێڕشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران وەک هەوڵێک بۆ گۆڕانی ڕژێم تەماشا دەکرا، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان، سوپای پاسداران ستراتیجییەتی بەرگری خۆی گۆڕی بۆ پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی لەو ڕێڕەوییه ئاویهكهوه كه کەنداوی فارس بە بازاڕەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە.
ئەم هەنگاوەی سوپای پاسداران بە خێرایی گوشاری خستە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە پشت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەروەکەوە دەبەستن.
هەڕەشەکانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە دابینکردنی وزەی جیهانی، ئەمریکای ناچارکرد، کردنەوەی گەروەکە بکاتە مەرجێکی سەرەکی دانوستانەکانی ئاگربەست.
ئێستا لە ئێران، میدیاكانی نزیك له دەوڵەت خەریکی نیشاندانی وێنەیەکی سەرکەوتنە و لایەندارەکانیشی لەسەر شەقامەکان ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕن، هەروەها ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسداران لە هەواڵێکدا باس لەوە دەکات، “پلانی ئاگربەستی ئێران هەڵگرتنی سزاکان و پێدانی قەرەبووی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت”.
هەرچەندە ئەمریکا هەر زوو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەووە، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران سورن لەسەر ئەو بۆچوون و لێدوانانە، محەممەد ڕەزا عارف، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ئاگربەستی بە “بەرهەمی قوتابخانەی خامنەیی” ناوبردووه، لە هەمانکاتدا، موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای نوێی ئێران، هۆشداریداوە لەوەی هێزەکانی ئێران لە ئامادەباشی تەواودان و داخستنی گەروی هورمزیش ئاسانترین بژاردەیانە.
بەڵام لە پشت ئەم پڕوپاگەندەی سەرکەوتنانەوە، واقیعێکی دیکە هەیە.
سوپای ئێران زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە، جگە لە کوژرانی ڕێبەری باڵاکەی، زۆرێک لە فەرماندە باڵاکانیشی کوژراون، هەروەها ئابوری ئێران ژێر گوشاری ساڵانێکی زۆری ئەمریکادایە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
ئەمە جگە لەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران چهندین کەسیان لە سێدارەداو و سەدان کەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕی" دەستگیرکردووە، ئەو کردەوانەش ڕەنگدانەوەی نیگەرانی قوڵی ناو ڕژێمە سەبارەت بە هەبوونی ناڕەزایەتی ناوخۆ.
بۆ ئێرانییەکانیش ئەم جەنگە شوێنەوارێکی درێژخایەنی بەجێهێشتووە، لە ناو زۆر توێژی کۆمەڵگهدا، بە تایبەتی نەیارانی ڕژێم، هیوایەک هەبوو شەڕەکە بتوانێت گۆڕانکارییەکی سیاسی مانادار بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئێستا ئهوان ڕووبەڕووی حکومەتێکی لاواز دەبنەوە، بەڵام هێزێکی بریندار کە هێشتا تا ڕادەیەک وەک خۆی ماوەتهوه، حکومەتێک کە ڕەنگە لە وەڵامی گوشاری ناوخۆییدا پەنا بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خهڵك ببات.
ئەمڕۆ چارەنووسی ئاشتی و سەقامگیری لە ئێران نادیارە، بڕیارە دانوستانە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا له پاكستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئاستی بێمتمانەیی نێوان هەردولادا زۆر بەرزە، بە تایبەت لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان بەردەوامە و ئێران داوا دەکات ئاگربەستەکە حزبوڵڵای لوبنانیش بگرێتەوە.
لە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێراندا چەندین پرسی گرنگ هەن، کۆنتڕۆڵکردنی گەروی هورمز، بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران و گروپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
ئەمەریکاش جەختی لەوەکردووەتەوە چاوەڕوانی کردنەوەی گەروی هورمز دەکات، هاوکات ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە مافی خۆیەتی کۆنتڕۆڵی ڕێڕەوەکە لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە.