گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە حەلەب دۆزرایەوە، ڕوفاتی زیاتر لە 270 هاوڵاتی تێدایە، كه گومان دەکرێت کوردبن.
نەسرین سولەیمان، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئاوارەکانی عەفرین ڕایگەیاند، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی (نەقارین) لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دۆزراوەتەوە، ڕوفاتی زیاتر لە 270 هاوڵاتی تێدایە، زۆربەشیان لە کاتی هێرشەکانی ئهم دواییهی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کوژراون و هەندێکیشیان تەرمەکانیان سوتێنراوە.
بهڕێوهبهری کۆمەڵەی ئاوارەکانی عەفرین، ئاماژەی بۆ ئهوهش کردووە، بەهۆی هێرشی سەر دوو گەڕەکە کوردییەکەوە، چارەنووسی نزیکەی 3 هەزار هاوڵاتی نادیارە.
دهشڵێت، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، لە بەرانبەر ئازادکردنیان داوای پارەیان لە کەسوکاریان کردووە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت، چەکدارەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانیش، داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن.
لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لێژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە بنێرن بۆ پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی تەرمەکان.
دوای هێرشەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2026 بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب، چارەنووسی هەزاران هاوڵاتی کورد کە لەو ماوەیەدا ڕفێندراون، هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.