سبەینێ یەکەمین کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت و لەوبارەیەوە کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە نوچە تی ڤی ڕاگەیاند، سبەینێ کاتژمێر 9 ونیوی بەیانی، 147 کەس لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت، هەروەها لە کاتژمێر 11ـی شەویش، 147 کەسی دیکە گەشت دەکەن.
کاروان ستونی گوتیشی، دووسبەی کە دەکاتە هەینی یەکەمین کاروانی حاجییان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت کە ئەو کاروانەش لە 147 کەس پێکدێت.
ڕوونیشیکردەوە، بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستان ناویان هاتووەتەوە و لە 10 ڕۆژدا و تاوەکو 17ـی مانگ، سەرجەمیان گەشتەکانیان ئەنجامدەدەن و 25 ڕۆژیش لە سعودیە دەمێننەوە. گوتیشی، لیژنەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە سعودیە پێشوازیی لە زیارەتکاران دەکات و لەگەڵیان دەبن بۆ هەر هاوکاریی و پێویستییەک لەمیانی گەشتە ئایینییەکەیاندا.