ڕاپۆرتی/ ئازاد عەلی
لە جیهانی سیاسەتدا، وشەکان وەک نەخشەی ڕێگە سەیر دەکرێن، بەڵام لای دۆناڵد ترەمپ، وشەکان وەک تەڵە بەکاردێن. ئەو پیاوەی هەمووانی بە لێدوانە دژبەیەکەکانی تووشی شۆک کردووە، جارێک بەڵێنی ڕزگاری بە گەلانی ئێران دەدات و جارێکی دیکە دەڵێت: دیموکراسی و ناسنامەی ڕێبەر لە ئێران بۆ من گرنگ نییە.
ئەم شێوازە نامۆیەی ترەمپ، لە کاتی جەنگدا گەیشتە لوتکە. کاتێک مۆڵەتی 48 کاتژمێری بۆ وێرانکردنی سەرچاوەکانی وزەی ئێران ڕاگەیاند، هەمووان چاوەڕێی گەورەترین پێکدادانی سەدەیان دەکرد، بەڵام درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە بە پاساوی دانوستان بۆ پێنج ڕۆژ و دواتریش بۆ 10 ڕۆژ، نیشانەی پرسیاری گەورەی دروست کرد، ئایا ئەمە پاشەکشەیە یان یارییەکی دەروونی؟
مێژووی ترەمپ نیشان دەدات کە ئەو لە گەرمەی هێرش و گوشارەکاندا، دەرگای گفتوگۆ دەخاتە سەرپشت. وەک چۆن لە جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێراندا بینیمان؛ هێرشەکان لە کاتێکدا بوون کە مێزەکانی دانوستان هێشتا گەرم بوون. سەرۆکی ئەمریکا ئەو لۆژیکە بەکاردەهێنێت کە دەڵێ، نەیارەکەت هەمیشە لە دۆخی ناجێگیر و گوماندا بهێڵەوە.
گوتارە دژبەیەکەکانی ترەمپ نابێ وەک ناکۆکی سیاسیی یان دوودڵیی لە بڕیار خوێندەوەیان بۆ بکرێت. ئەمە تاقیکردنەوەی مۆدێلێکی نوێی ئیدارەدانە لەناو گێژاود. ترەمپ توانیویەتی ناڕوونی وەک چەکێکی تاکتیکی بەکاربهێنێت؛ کاتێک هیچ کەس ناتوانێت پێشبینی هەنگاوی دواتری بکات، هەمووان ناچار دەبن لەژێر مەرجەکانی ئەودا یاری بکەن.
لەگەڵ ئەوەی دەکرێ ئەم تایبەتمەندییە وەک هونەری بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی قەیرانەکان لێکدانەوەی بۆ بکرێ، دیسان دەتوانێ بنەماکانی متمانە و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بخاتە ژێر پرسیارەوە. وانەی سەرەکیی ئەوەیە، لە جیهانی ترەمپدا وشەکان تەمومژن بۆ داپۆشینی بەرژەوەندییەکان. ئەو دەیەوێت لەنێو جەرگەی ئەو گێژاوەی کە دروستی دەکات، ڕێسا نوێیەکان بەسەر جیهاندا بسەپێنێت.