ڕاستەوخۆ

گرژییەکانی واشنتن و تاران؛ ترەمپ هۆشداریی توند دەدات و ئێران داوای گفتوگۆ ڕەت دەکاتەوە

reset font size increase font size

دوای گەڕێکی دیکە لە گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا، سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان بە نێوەندگێریی قەتەر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەستیان پێکردووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئێرانییەکان هەڵە بکەن و بیر لە دانانی پلانی تیرۆرکردنی بکەنەوە، ئەوا بە هەزاران موشەک بە توندی بۆردومانیان دەکەن.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن داوا دەکات دەسه‌ڵاتدارانی ئێران بە فەرمی ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر هێڵە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕابگەیێنن و ڕێڕەوە دەریاکان بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە ئێران داوای گفتوگۆی نوێی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو بانگەشەیەی بە توندی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند:

"نیشاندانی ڕەزامەندی بۆ پێشوازیکردن لە شاندی نێوەندگیری قەتەر لە تاران، بە مانای داواکردنی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە ئەمریکاییەکان نییە و شتی وا ڕووی نەداوە."

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە کۆبوونەوەی باڵای سەرانی ناتۆ لە تورکیا ڕایگەیاندبوو ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە.

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامێکدا بۆ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەڕانەوەیە بۆ خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوانیان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.