بەڕێوەبەریی ڕۆژاڤای کوردستان هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی بە بڕوانامەکانی خوێندن چڕتر دەکاتەوە. بڕیارە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کاتیی ئەنجام بدرێت.
بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژاڤای کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە لە پارێزگای حەسەکە کۆبوونهوەیەکی هاوبەش لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی پەروەردە بەڕێوە بچێت.
لەو کۆبوونهوەیەدا، نوێنەرانی دەستەی پەروەردە و کۆمیتەی هەماهەنگی زانکۆکانی ڕۆژاڤای کوردستان، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی کاتیی سوریا بەشداریی دەکەن.
بەڕێوەبەریی ڕۆژاڤای کوردستان ئاشکرایکردووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە تاوتوێکردنی میکانیزمێکە بۆ ناساندن و دانپێدانانی فەرمی بە بڕوانامەکانی خوێندن کە لەلایەن دامەزراوە ئەکادیمییەکانی خۆبەڕێوەبەرییەوە لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکاندا دەردەچن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا، لایەنە بەشداربووەکان، گفتوگۆ لە سەر چۆنیەتی یەکخستنی پێوەرە ئەکادیمییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی بڕوانامەکانی ڕۆژاڤای کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کاریان پێ بکرێت و کێشەی خوێندکاران لە ڕووی درێژەدان بە خوێندن و دامەزراندنەوە چارەسەر بکرێت.