سەرەڕای ڕاگەیاندنی کردنەوەی فەرمیی ڕێگەی سەرەکیی نێوان تەل تەمر و سەرێ کانی، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، تاوەکو ئێستا جوڵەی هاتووچۆ لەسەر ئەم ڕێگەیە بە تەواوی ڕاوەستاوە و هاوڵاتییان بەکاری ناهێنن.
هۆکاری سەرەکیی بەکارنەهێنانی ڕێگەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ بوونی بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی (ئەلعەریشە) دەگەڕێتەوە. ئەو بنکەیە ڕاستەوخۆ دەڕوانێتە سەر ڕێگەکە و بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای شۆفێران، ئەمەش وای کردووە جموجۆڵی ئاسایی تێدا سنوردار بێت.
هاوکات کردنەوەی ئەم ڕێگەیە لە ڕۆژی دووشەممەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی 29ـى کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا دێت.