کۆمەڵەی ژنانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ خەبات و خۆڕاگریی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان و سوریا دەربڕی و ڕایگەیاند، سەرباری دۆخی ناهەموار ژنان بەردەوامن لە بەرگریی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
سوهەیلا ئەعسەم، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان و سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "سەرباری هەبوونی توندوتیژیی و ناسەقامگیریی، ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان و سوریا سەرقاڵی خەبات و بەرگریکردنن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان".
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەگەڵ ئەوەی ئەوان لە ژینگەیەکی پڕ لە توندوتیژی و پێشێلکاریی مافەکاندا دەژین، هەوڵەکانیان بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاشتیی زیادیکردوە".
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ژنانی سوریا بەدەست نەبوونی دەرفەتی خوێندن، کار و هاوسەرگیریی پێشوەختەوە دەناڵێنن، پێویستە پاراستنی یاساییان بۆ دابین بکرێت و بەشێوەیەکی ڕاستەقینە لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پڕۆسەی سیاسی و نووسینەوەی دەستووردا بەشداربن.
هەروەها داوای لە ژنانی ڕۆژاڤای کوردستان و سوریا کردوە، دەست لە داخوازییەکانیان هەڵنەگرن، چونکە هێزیان لە یەکگرتوویی و هاوکارییکردندایە بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی شایستە.