دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ، چەندین کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی و هەرێمیی هۆتێلکاری پلانیان هەیە بۆ چوونە ناو بازاڕی سووریا و فراوانکردنی چالاکییەکانیان، ئەمەش وەک پێشبینییەک بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران بۆ مێژوو و کەناراوەکانی ئەو وڵاتە.
سووڕیا کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی قەیرانەکانەوە لە ناوەندە ئابوورییەکان دابڕابوو، ئێستا هەوڵ دەدات سەرنجی وەبەرهێنەران ڕابکێشێت. هەرچەندە هێشتا ئاستەنگی ئەمنی و گرفتی ژێرخان لە ئارادان، بەڵام ژمارەی گەشتیاران لە نیوەی یەکەمی 2026 بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی سانا، ژمارەی گەشتیاران بۆ 3.52 ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە.
وەبەرهێنانی ملیار دۆلاری لە کەرتەکەدا
محەممەد عەلابەر، سەرۆکی کۆمپانیای (Eagle Hills)ـی ئیماراتی، ڕایگەیاند کە سووریا خاوەنی کۆنترین شاری جیهانە (دیمەشک) و هەمیشە گەشتیار ڕووی تێدەکەن. ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ حکومەتی سووریا ڕێککەوتوون بۆ ئەنجامدانی دوو پڕۆژەی گەورە لە دیمەشک و لادقیە. هاوکات کۆمپانیای (ئارادە)ـی ئیماراتیش ڕایگەیاندووە کە بە پڕۆژەیەکی 7 ملیار دۆلاری دەچێتە ناو بازارەکەوە.
پێگەی کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان
کۆمپانیای Accorـی فەرەنسی: لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژە.
کۆمپانیای Wyndhamـی ئەمریکی: سەرقاڵی پشکنیی هەلی وەبەرهێنانە لە دیمەشک و ناوچە کەناراوییەکان و چاوەڕوان دەکرێت بە زوویی یەکەم گرێبەست واژۆ بکات.
گرووپی Minor Hotels: پێی وایە شوێنە کۆنەکانی دیمەشک دەکرێت بکرێنە هۆتێلی بۆتیک و سووریا خاوەنی توانایەکی گەورەی گەشتیارییە.
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا لە مانگی ئابدا سووریای لە لیستی تیرۆر دەرکرد، هێشتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها گرفتی ژێرخان و کێشەی سیستەمی پارەدان و کاولکارییەکان کە بەپێی بانکی جیهانی تێچوی نۆژەنکردنەوەیان بە 216 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، لەبەردەم گەشەکردنی کەرتی گەشتیاریدا ماونەتەوە.