دوو قوتابی قۆناغی ئامادەیی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، لە یارییەکانی کیک بۆکسێنگ و کاراتێدا سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنن.
یەکێکیان نازناوی پاڵەوانی جیهانی بردووەتەوە و ئەوی دیکەش کاندیدە بۆ بەشداریکردن لە خولێکی گەورەی ئەوروپی.
نێهیر ئایتولون، کچە یاریزانی کوردی خەڵکی ئامەد، لە پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی 'واکۆ' (WAKO) بۆ کیک بۆکسێنگ کە لە شاری ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، بە بەرزکردنەوەی کێشی 48 کیلۆگرامی لەسەر ئاستی لاوانی کچان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی جیهان.
هاوکات نوشیروان یازار، کە ئەویش قوتابیی هەمان قوتابخانەیە، دوای بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو لە یاریی کاراتێدا، بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی نیشتمانی هەڵبژێردرا و بڕیارە لە پاڵەوانێتیی داهاتووی ئەوروپا لە سڕبیا نوێنەرایەتیی تورکیا بکات.
"بە هاندانی هاوڕێیەکم دەستمپێکرد"
نێهیر ئایتولون کە ماوەی سێ ساڵە بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ وەرزش دەکات، لەبارەی سەرکەوتنەکەیەوە دەڵێت:
"من بەهۆی هاندانی هاوپۆلێکمەوە دەستم بە وەرزش کرد. ئێستا چوار پلەی سێیەمی جیهانیم هەیە، لەسەر ئاستی تورکیا بوومەتە دووەم و چەندین پاڵەوانێتیی ناوچەییشم بردووەتەوە.
زۆر دڵخۆشم کە لە ئەنتاڵیا بوومە پاڵەوانی جیهان، سوپاسی ڕاهێنەرەکانم، خێزانەکەم و مامۆستاکانم دەکەم کە پاڵپشتم بوون."
هاوکات نەوشیروان یازار کە 10 ساڵە لە بواری کاراتێدا چالاکە، ئامانجی خۆی بۆ داهاتوو ئاشکرا کرد و گوتی: "دوای ئەوەی لە پاڵەوانێتیی بارتین پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، مافی بەشداریکردنم لە پاڵەوانێتیی ئەوروپا لە سڕبیا وەرگرت.
ئامانجی داهاتووم ئەوەیە بچمە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی، ببمە ڕاهێنەر و ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشداری لە ئۆڵۆمپیاددا بکەم."
پێشوازییەکی گەرم
دوای گەڕانەوەیان بۆ ئامەد، هەردوو وەرزشوانە گەنجەکە لە لایەن هاوپۆل و مامۆستاکانیانەوە بە جۆش و خرۆش و چەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لێکرا و چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەشکرا.
محەمەد عەلی شیمشەک، بەڕێوەبەری ئامادەیی ئانادۆڵو، بە شانازییەوە باسی لە دەستکەوتی قوتابییەکانی کرد و ڕایگەیاند، ئەم سەرکەوتنە بووەتە مایەی دڵخۆشی بۆ تەواوی کۆمەڵگەی پەروەردەیی شارەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش پاڵەوانێتییەکە لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە کۆبوونەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی ئەو دوو وەرزشوانە.