وەزارەتی دەرەوەی کووەیت لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ئۆفیسی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و ئاسایشی هەرێم لە پیرمام بە توندی ئیدانە کرد و جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی کووەیتدا هاتووە کە وڵاتەکەیان سەرکۆنەی هەر کار و هەڵسوکەوتێک دەکات کە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق پێشێل بکات.
هاوکات جەختی لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و یەکپارچەیی خاکیان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا کردووەتەوە.
ئەم هەڵوێستەی کووەیت لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لەوانەش سعودیەی پاشایەتی، قەتەر، ئیمارات و حکومەتی فیدراڵی عێراق، هێرشەکەیان سەرکۆنە کردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.