بەگوێرەی نوێترین ئامار کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمارکردنی ڕێژەی %16.5، بەرزترین ئاستی بێکاریی لەسەر ئاستی تەواوی ئێران تۆمارکردووە و بووەتە چەق و پێشەنگی قەیرانەکان.
ئەم ئامارە نوێیانە جارێکی دیکە تیشک دەخەنەوە سەر ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختە و نەبوونی هەلی کار لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ناوچەیەک کە بۆ چەندین دەیەیە بەدەست بێبەشکردنی پلانی ئابووری، کەمیی وەبەرهێنانی حکومی و کەرتی تایبەت، و لاوازیی ژێرخانی گەشەپێدانەوە دەناڵێنێت.
بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت، پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دۆخێکی باشتردا نییە.
پارێزگای سنە بە ڕێژەی %13.9 لە پلەی دووەمی بێکاری لەسەر ئاستی ئێران جێگیر بووە، و پارێزگای لوڕستانیش بە ڕێژەی %11.9 پلەی سێیەمی گرتووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە سێ گەورەترین ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا، هەر سێکیان لە ناوچە کوردنشینەکاندان.
چڕبوونەوەی بەرزترین ئاستی بێکاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگدانەوەی نایەکسانییەکی قووڵی پێکهاتەیی و گەشەپێنەدانێکی جدییە لەم ناوچانەدا.
زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانی ئابووری ئەم دۆخە نالەبارە وەک دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاستە ناوەندی و جیاکارییەکانی حکومەتی ئێران دەبینن، کە تێیدا ناوچە پەراوێزخراوەکان بە مەبەست لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بودجە گەورەکان بێبەش دەکرێن، ئەمەش وای کردووە گەنجانی ئەم ناوچانە بۆ بژێوی ژیان یان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن، یان کۆچ بەرەو ناوەند و دەرەوەی وڵات بکەن.