وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پاراستنی مافی خەڵک و رێگیریکردن لە تاوانەکانی ساختەکاری لە ئیمزا و پەنجەمۆر، گشتاندنێکی فەرمی و وردی ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی کردووە کە تێیدا زنجیرەیەک رێکاری توندی تەکنیگی و یاسایی دیاریکراوە.
وەزارەتی داد جەخت دەکاتەوە کە دەبێت لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆردا خودی خاوەن مامەڵەکە ئامادەبێت و رێگە بە هیچ کەسێکی دیکە نەدرێت لەبری ئەو پەنجەمۆر بکات، هاوکات پێویستە فەرمانبەری پەیوەندیدار دڵنیا ببێتەوە کە پەنجەی کەسەکە پاکە و پەنجەیەکی راستەقینەی مرۆڤە نەک دەستکرد یان بەرگێکی پلاستیکی بۆ چەواشەکاری بەکارهێندرابێت.
لە رووی تەکنیکیشەوە دەبێت بڕی پێویستی مرەکەبی شین یان رەش بەکاربهێندرێت و رێگری بکرێت لەوەی پەنجەکە بسوڕێندرێت یان نەخشی سەر لاپەڕەکە تێکبچێت.
هەروەها نابێت پەنجەمۆرەکە بکەوێتە سەر نووسینەکان و پێویستە لە شوێنێکی بەتاڵ یان لە تەنیشت ناوەکە جێگیر بکرێت.
ئەگەر خاوەن مامەڵە پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی راستی و پاشان پەنجەکانی دیکەی لێ وەردەگیرێت، بەو مەرجەی ئەگەر پەنجەمۆرەکە یەکەمجار روون نەبوو، نابێت دووجار لەسەر یەک مۆر بکرێت، بەڵکو دەبێت لە تەنیشتی بە روونی دووبارە بکرێتەوە و ئاماژەی پێبدرێت تاوەکو رێگە لە هەر گومانێکی ساختەکاری بگیرێت.