کایا کاڵاس ڕایگەیاند، ماوەیەکی درێژە ئەمریکا تاوتوێی کشاندنەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە ئەوروپا دەکات بەڵام بڕیاری کشاندنەوەی ئەمریکا لە ئەڵمانیا لەکاتێکی وەهادا سەرسوڕهێنەرو واتادارە.
کایا کاڵاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە میانەی هەشتەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە ئەرمینیا ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا بووەتە جێگەی سەرسومانیان و چاوەڕێی ئەوە نەبوون ئەمریکا لەکاتێکی وەهادا بڕیارێکی کشانەوە بدات.
کاڵاس دەشڵێت، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا لە هەماهەنگیدابن و هەوڵی بەهێزکردنی پێگەکەیان لەناو ناتۆدا بکەن، چونکە لەمەودوا ئەرکی سەرەکی پاراستنی ناوچەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ.
گوتیشی، بوونی سەربازانی ئەمریکا تەنها لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا نەبووە، بەڵکو بەشێکی زۆری لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خودی ئەمریکا بووە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی کاڵاس لەکاتێکدایە، دۆینێ دۆناڵد ترەمپ پەسەندکردنی بڕیاری کشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە ماوەی پێنج مانگ بۆ ساڵێک لە ئەڵمانیا ڕاگەیاند.