لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان، کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی عەفرین کە لە 800 خێزان پێکهاتوون، گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەیانی ئەمڕۆ، لە درێژەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا، سێیەمین کاروانی ئاوارەکانی عەفرین بەرەو شارەکەیان بەڕێ کەوتن.
ئاوارەکان لە چوارڕێیانی "شەهید یوسف گۆلۆ" لە ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە و بە دەیان ئۆتۆمبێل و پاس بەرەو عەفرین بەڕێ کەوتن.
بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمجارە دەگەڕانەوە زۆر بوو، دوای دەرچوونیان لە حەسەکە، کاروانەکە کرا بە سێ بەشەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەیان ئاسانتر بێت.
پێشتر و لە دوو کاروانی جیاوازدا 600 خێزانی دیکە گەیشتنەوە عەفرین. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان دەبینرێت.