تۆڕی کۆڵبەرنیوز ڕایگەیاند، ژنێکی کوردی خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی مەریەم دادیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
تۆڕی کۆڵبەر نیوز بلاویکردووەتەوە، مەریەم دادیانی تەمەن 58 ساڵ 10 ڕۆژە دەستگیرکراوە و هەڵگری نەخۆشی درێژخایەنە و بەدەست نەخۆشی تالاسیما و ڕۆماتیزمی جومگەکانییەوە دەناڵێنێت، دەشڵێت، دادیان بێبەشکراوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و چارەسەر وەرگرتن ئەمەش مەترسی لە ژیانی دروستکردووە.
هاوکات بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگەی مافی مرۆڤی "هەرانا" لقی 101ـی دادگای شۆڕشی شیراز سزای زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی بەسەر هەریەکە لە "مەریەم دەریسی و فەریبا حوسەینی" دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەپاندووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هەڵکشانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە و باسلەوە دەکەن، حکومەت بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و دروستکردنی پشێووی لە وڵاتدا هەوڵدەدات دەنگە ناڕازییەکانی ناوخۆی ئێران سەرکوت بکات.
