ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد، چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بە بەهای 300 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان بۆ ناو ئێران لەخۆدەگرێت، کە زیاتر لە نیوەی ئەو بڕە پارەیەش لە سەرەتاوە دابین کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، ئەم سندوقە بە ئامانجی دروستکردنی پاڵنەرێکی ئابووری بۆ هەردوولا داڕێژراوە تا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بڕیاریشە ناوی بنرێت "سندوقی بونیاتنانەوە و گەشەپێدان".
سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم سندوقە پڕۆگرامێکی قەرەبووکردنەوە یان بونیاتنانەوەی حکومی نییە و هیچ بودجە یان هاوکارییەکی دارایی دەوڵەتی تێدا نابێت، بەڵکو سەرمایەکەی لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و ئەفریقاوە دابین دەکرێت.
تایبەتمەندییەکانی سندوقەکە بەم جۆرەیە:
کەرتەکانی وەبەرهێنان: ئەو وەبەرهێنانە چاوەڕوانکراوانە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، لۆجیستیک و پیشەسازیی بەرهەمهێنان لەخۆدەگرن.
جێگرەوەی قەرەبووی شەڕ: سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، تاران لە سەرەتادا داوای 400 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی شەڕ لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام واشنتن داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە و بیرۆکەی ئەم سندوقە وەک جێگرەوەیەک هاتووەتە ئاراوە.
سەربەخۆیی سندوقەکە: ئەم میکانیزمە داراییە لە گفتوگۆ جیاوازەکانی پەیوەست بە لادانی سزاکانی ئەمریکا و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران جیاوازە، تەنها لە کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و ڕەزامەندی هەردوولا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کاراکردنی سندوقەکە:
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئێران تەنها لەو کاتەدا دەتوانێت سوودمەند بێت لەم سندوقە کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت، لەوانەش، هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمی، لەناوبردنی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو و قبوڵکردنی سیستمێکی چاودێریی توند لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە.