بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی مەیدانی و بەدواداچوونی وردی ڕێکخراوی CPT کە چاودێریی ململانێ و جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، سوپای تورکیا لە ساڵی 2021ـەوە بەتەواوی جڵەوی سەربازی و ئەمنیی ناوچەی گەلی ڕێکانی لە قەزای ئامێدی گرتووەتە دەست و بازگەیەکی سەربازیی جێگیری لە هاوینەهەواری 'ئاڤا مارک' داناوە، کە بە قوڵایی 19 کیلۆمەتر دەکەوێتە ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کە بارەگایەکی فەرمییان لە گوندی 'سیدا' لە سنووری ناحیەی شیلادزێ هەیە، بۆ گەیشتن بە شوێنی ئەرکەکانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ناچارن بەو بازگەیەی سوپای تورکیادا تێپەڕبن.
ئاشکراشی دەکات کە لە مانگی نیسانەوە سوپای تورکیا ڕێکارە ئەمنییەکانی بەرانبەر ئەو هێزە فەرمییانەی عێراق توندتر کردووە؛ بە شێوەیەک لەکاتی تێپەڕبوونی کاروانە سەربازییەکانی پاسەوانی سنوور، سەربازانی تورکیا ڕێگرییان لێدەکەن و ڕایان دەگرن، پشکنینی ورد بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەن و دوای پشکنین و تۆمارکردنی سەرجەم زانیارییەکانی سەر ناسنامەی ئەفسەر و پاسەوانە عێراقییەکان لای خۆیان، ئینجا ڕێگەیان پێدەدەن بچنە ناو بارەگاکانیان.
ئەمەش نیشاندەری ئاستی زاڵبوونی سەربازیی سوپای تورکیایە بەسەر جووڵەی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشدا لەو ناوچەیەدا.