ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و دۆسیەی شنگالیش تەنیا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت.
د. حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "الحدث"ـی سعودی ڕایگەیاند، شنگال دۆسیەکی عێراقییە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و پارێزگای نەینەواوە بەڕێوەدەبرێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتیش بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە.
دەشڵێ، هەماهەنگی بەغداد و هەرێمی کوردستان بۆ ئارامی بەردەوامە، ئامانجیش پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە.
عێراق ناڕەزایەتی بەرامبەر لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیشانداوە، چونکە ئەو قسانە زیان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەگەیەنن.