ئەنجامی ڕاپرسییەکی نوێی زانکۆی عیبری لە قودس دەری دەخات، کە زۆرینەی هاووڵاتیانی ئیسرائیل ڕووبەڕووى "ماندوێتی جەنگ" بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژی هەر جۆرە ئاگربەستێکی کاتین لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
ڕاپرسییەکە، لە ڕۆژانی 9 و 10ـى نیسانی 2026 ئەنجامدراوە و زیاتر لە هەزار و 300 کەس تێیدا بەشدار بوون، ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی دوو لەسەر سێی بەشداربووان نەیاری ئاگربەستی کاتی نێوان واشنتن و تارانن.
بەگوێرەی ئەنجامەکان، زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی کاریگەر ئێران و حزبوڵای لوبنان لاواز بکەن.
لەبارەی بەردەوامیی گرژییەکانیشەوە، بەشداربووان دابەش بوون؛ لەکاتێکدا %39.5 پێیان وایە دەبێت هێرشەکان بۆ سەر تاران بەردەوام بن، %41.4 پشتگیری لە ئاشتی دەکەن.
سەبارەت بە باری دەروونی شەقامی ئیسرائیلی لەم کاتەدا، بەشداربووان وشەی "نائومێدی"یان وەک زۆرترین دەربڕینی هەستەکانیان بەرامبەر بە جەنگ دەستنیشان کردووە، کە دوای ئەو وشەکانی "سەرلێشێواوی" و "توڕەیی" دێن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە بەهۆی درێژەخایەنی جەنگ و ناسەقامگیریی ناوچەکەوە دروست بووە.