چوارچێوەی هەماهەنگی: سبەی دەنگ لەسەر 19 وەزارەتی کابینەی نوێ دەدرێت
ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق، لە کۆی 23 وەزارەت دەنگ لەسەر 19 وەزارەت دەدرێت و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی بڕیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-05-2026، عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمان تەواو بوون.
گوتیشی: "لە کۆی 23 وەزارەت، سبەی متمانە بە 19 وەزیر دەدرێت کە وەزارەتی نەوتیش یەکێک دەبێت لەوانە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، عامری جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی جێگیر و هەمیشەیی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت و ئەو پەیوەندییە بەستراوە نەبێت بە ئیدارەیەکی دیاریکراوەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سروشتی حکومەتی نوێی عێراق وەک دەوڵەتێکی نەوتی، لە سروشتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نزیکە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لە دۆخی گرووپە چەکدارەکان کرد و ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو و هێزە سیاسییەکان هەیە.
گوتیشی: "قۆناغی باشمان بڕیوە لە ئاگربەست و هێرش نەکردنە سەر دامەزراوە حکومی و نەوتییەکان؛ ئێستا لەو قۆناغەداین کە دەبێت سەرجەم پەیوەندییە دەرەکییەکان تەنیا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا بن."