قایمقامی قەزای ڕانیە ڕایگەیاند، بەهۆی لێکەوتە ئەمنییەکانی جەنگی ناوچەکەوە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەموو چالاکییەکی یادی ڕاپەڕین ڕاگیرا.
حسێن مەحمود قائیمقامی قەزای ڕانیە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا گوتی، پێشهاتە ئەمنییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لێکەوتی خراپی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ڕوونیشیکردەوە بەوهۆیەوە ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ وەک ڕێکارێکی پارێزگاری لە سەلامەتیی گشتی و بەهۆی هەستیاریی بارودۆخەکەوە دراوە.
گوتیشی، ئەوان پابەندی بڕیارەکانی حکومەت دەبن و ئەمساڵ بۆ یادی 5ـی ئادار، تەواوی چالاکییەکانی ساڵیادی ڕاپەڕینی سنوورەکە ڕادەگرن و هیچ گردبوونەوەیەک لەو ڕۆژەدا ئەنجام نادرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەر جۆرە گردبوونەوە، کۆڕ و کۆبوونەوەیەک و چالاکییە جەماوەرییەکان بۆ یاد و بۆنە نیشتمانییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرد.