سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ڕوودانی کشتوکاڵیی ئێستادا، بڕی بەرهەمهێنانی گەنم لەم پارێزگایەدا بگاتە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر بارودۆخەکە بە جێگیری بمێنێتەوە، سنە بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک پلەی دووەم لەسەر ئاستی ئێران لە بەرهەمهێنانی گەنمدا دەپارێزێت.
سەعدی نەقشبەندی، سەرۆکی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی سنە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، خەمڵاندنەکان نیشان دەدەن کە لەو بڕە بەرهەمە، نێوان 750 بۆ 800 هەزار تۆن گەنم بە شێوەی کڕینی گەرەنتی لە جووتیاران وەربگیرێت.
ناوبراو تیشکی خستە سەر دۆخی کەشوهەوای ئەمساڵ و گوتی:
سەرۆکی جیهادی کشتوکاڵی ئاماژەی بەوەش کرد کە شەپۆلێکی سەرما و سۆڵەی لەناکاو لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، بەتایبەت لە نیوەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە کە زۆربەی زەوییە گەنمییەکانی لێیە، نیگەرانیی لای جووتیاران دروستکردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا خەمڵاندنی گشتی بۆ بەرهەمەکە زۆر باشە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، نرخی کڕینەوەی گەرەنتیی هەر کیلۆگرامێک گەنم بۆ ئەمساڵ بە گشتی بە 49 هەزار و 500 تمەن دیاریکراوە.
پرۆسەی کڕینەوەکەش لە ڕێگەی نزیکەی 80 ناوەندەوە ئەنجام دەدرێت کە سایلۆ حکومی و تایبەتەکان، کۆمپانیاکانی هەرەوەزی گوندنشینان و کارگەکانی ئارد دەگرێتەوە و دروێنەی گەنم لە نیوەی یەکەمی مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
لەم ساڵە کشتوکاڵییەدا، 720 هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پارێزگای سنە بۆ چاندنی گەنم و جۆ تەرخانکراون. لە کۆتاییدا، بەرپرسە کشتوکاڵییەکەی سنە دڵنیایی دا کە کێشەی کۆگا و سایلۆکانیان چارەسەر کردووە و هیچ سنووردارکردنێک بۆ عەمبارکردنی تەواوی بەرهەمی گەنمی پارێزگاکە لە ناوخۆدا بوونی نییە.