وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارین و باشیی پلانی چاندنەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت و پێشبینی ژمارەی پێوانەیی دەکرێت.
حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، بە گویرەی ئەو پلانەی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانەوە دایانناوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەم وەرزی گەنم لە چوار ملیۆن تۆن بۆ سەروو پێنج ملیۆن تۆن زیاد بکات.
ناوبراو لە بارەی مەرجەکانی وەرگرتنی گەنمەوە ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتەکە مەرج و ڕێسای جێگیری بۆ وەرگرتنی گەنم هەیە و مەرجەکانی پاکیی و چۆنییەتی و ڕاددەی شێ لەپێشینەن.
جێگەی ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو تاوەکو مانگی حوزەیران بەرهەمی گەنمی عێراق نزیک بە چوار ملیۆن تۆن بووە کە بەراورد بە ساڵی پێشتری خۆی، نزیکەی دوو ملیۆن تۆن کەمی کردبوو.