بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نوێی سیاسی، بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە 15 ڕۆژدا گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی خۆجێیی کەرکوک بکرێت و پۆستی پارێزگار لە یەکێتییەوە بگوازرێتەوە بۆ پێکهاتەی تورکمان.
بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە و جیا لە کۆبوونەوەکانی پێشتر، ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی چڕ لە سلێمانی و بەغداد لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجامدراون بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگاکە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دیدار و کۆبوونەوەی کوتلە سیاسییەکان لە بەغداد و کەرکوک بەردەوام بووە لە پێناو جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی یەکلایی نەبووەتەوە".
هەروەها سەوسەن جەدوع، "ئەندامێکی دیکەی هەمان فراکسیۆن، ئاماژە بەوە دەکات سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕەکە ڕێککەوتوون".
لەلایەکی دیکەوە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری ئێستای کەرکوک، لە ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم ئاڵوگۆڕە، هەواڵەکەی ڕەتنەکردەوە، بەڵام گوتی، "هێشتا هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە".
هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لەسەر ئاستی باڵا کراوە، بەڵام لەناو یەکێتیدا رای جیاواز دروستبووە. نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، تێبینی و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر شێوازی ڕادەستکردنی پۆستەکە هەیە.