ئیسرائیل، لوبنان و ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دوای یەکەم خولی دانوستانەکانی واشنتن بڵاویانکردەوە، ئەم گفتوگۆیانە دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی لوبنان و باشترکردنی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئیسرائیل پشتگیری لە داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی گروپە چەکدارەکان لە لوبنان دەکات و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆ بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵ لوبنان.
بە گوێرەی ئەم ڕاگەیەنراوە، ئیسرائیل پابەند بووە بە هاوکاریی لەگەڵ حکومەتی لوبنان بۆ پێشخستنی پڕۆسەی داماڵینی چەک، بە شێوەیەک کە ئاسایشی هەردوو وڵات گەرەنتی بکرێت.
هەروەها لوبنان جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مانگی یازدەی ساڵی 2024 کردەوە و داوای گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی و کۆنکرێتی کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە وڵاتەکەی.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، لایەنەکان لەسەر دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.