پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سەبارەت بە پڕۆژەی "یەک نەتەوە و یەک چارەنووس" کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆشنبیری باشوری کوردستانەوە دەستپێشخەرییان کردووە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ دەسپێشخەریی کۆدەنگیی نیشتمانی و یەکڕیزیی گەلی کورد دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاردایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت.
پژاک ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەزموونی تاڵی مێژوو سەلماندوویەتی کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی هەمیشە دەرفەتی بۆ جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکەران ڕەخساندووە، لە بەرانبەریشدا تەنیا یەکدەنگی توانیویەتی هاوسەنگییەکان بگۆڕێت".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامادەین بۆ سەرخستنی ئەم دەسپێشخەرییە و جەختیش دەکەنەوە، دەبێت ئەم کۆدەنگییە ببێتە بنەمایەک بۆ بەستنی کۆنفڕانسێکی نیشتمانیی گشتگیر، تا بە ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی دیموکراتیک بۆ نەتەوەی کورد مسۆگەر بێت.