پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاك) ڕایگهیاند، ئهنفال یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەم کە ڕەهەندی نێونەتەوەیی هەیە دەشڵێت، ئهنفال جگە لەوەی کارەساتێکی نەتەوەییه بۆ کورد، بەڵکو پەڵەیەکی ڕەشیشە لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی.
بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە، پژاك ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووه، ئهنفال ئۆپراسیۆنێك بوو سیستەماتیکانه بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و شێوازی دڕندانە ئەنجامدرا، ڕەگ و ڕیشەی ئەم سیاسەتی نکۆڵیکردنەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک لە نادیدەگرتنی بوونی گەلی کورد، گەلێک کە هەوڵدەدات ببێتە نەتەوەیەکی دیموکراتیک.
ئەوەش هاتووە، ئەنفال ڕووداوێکی دابڕاو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی لۆژیکی و تاڵی ئەو نکۆڵییە مێژووییەیە، هەتا دان بە بوونی کورددا نەنرێت، مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە هەر بەردەوام دهبن.
له ڕاگهیهنراوهكهی پژاكدا هاتووه، چەند مانگێک لەمەوبەر، نموونەیەکمان لەم کارەساتە لە هێرشی حکومەتی کاتیی سوریا بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان بینی، لەوەش ڕونتر، بەردەوامیی ئەو مەترسییەی لەدژی باشووری کوردستان هەبوو لە کاتی شەڕی ڕۆژاڤای کوردستان، ئەم مەترسییە دژ بە باشووری کوردستان و دەستکەوتەکانی بە ڕوونی هەستی پێدەکرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمڕۆش شایەتحاڵی بەردەوامیی هەمان ئەو سیاسەتانەین بە شێوەی جۆراوجۆر، سیاسەتەکانی سەرکوتکردن، لە سێدارەدان و قەدەغەی کەلتور و زمان لە ئێران و تورکیادا، درێژەپێدەری ئەنفالن بە شێوازی نوێ.
دەشڵێت، ڕژێمی ئێران کە لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕدایە، تەنانەت لە کاتی گیانەڵاشدایه، بەڵام مافە سروشتیی و ڕەوا و دیموکراتییکەکانی به کورد و نەتەوەکانی دیکە نابەخشێت.
ڕاگهیهنراوهكهی پژاك له كاتێكدایه، سبهی 14ـی نیسان 38 ساڵ بهسهر یادی كارهساتی ئهنفالی گهلی كورد له باشوری كوردستان تێدهپهڕێت كه به چهند قۆناغێك 188 ههزار كهس له ناوچه جیا جیاكان له لایهن ڕژێمی پێشووی بهعسهوه ئهنفال كران.