سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، چیتر هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ و کێشەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر دەکەین.
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە نوێترین لێدوانیدا کە لە میدیاکانی وڵاتەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، جەختی لە پاراستنی پەیوەندییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند، تاران هیچ مەبەستێکی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی دراوسێ بە برای خۆیان دەزانن و پێویستە پێکەوە کار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بکەن.
پزشکیان ئاشکرای کرد، دوێنێ لە ئەنجومەنی کاتیی رێبەریی، بڕیاری پێویست دراوە و هێزە سەربازییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە چیتر نابێت هیچ هێرشێک دژی وڵاتانی دراوسێ ئەنجام بدرێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە لە خاکی ئەو وڵاتانەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران.
لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسعوود پزیشکیان دووپاتی کردەوە، بژاردەی ئەوان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان دیپلۆماسییە و نایانەوێت بکەونە جەنگ و ململانێی سەربازییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.