بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، بڕیارە عاسم مونیر، سوپا سالاری پاکستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران تاران بەرەو ئەمریکا بە جێبهێڵێت و پەیامی لایەنی ئێرانی بە بەرپرسانی ئەمریکی ڕابگەیەنێت.
ئاژانسی فارس دەڵێت، لەچوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەمڕۆ 16ـی نیسانی 2026، عاسم مونیر، سەردانی محەمەد باقر قاڵیبافی کردووە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە پەیامی لایەنی ئێرانی بە بەرپرسانی ئەمریکی بگەیەنێت.
هاوکات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیوویەتی، خۆشحاڵم بە پێشوازیکردن لە بەڕێز عاسم مونیر، ئەنجامی گفتوگۆکانمان زۆر بەسوود و باش بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتە دەشڵێت، هەردوولا بەڵێنیان داوە پەرە بە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بدەن.
شەوی ڕابردوو، عاسم مونیر، سوپا سالاری پاکستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نیوان ئێران و ئەمریکا سەردانی تارانی کرد و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.