ڕاستەوخۆ

پاوە دەکرێتە ناوەندێکی گەشتیاریی پزیشکی و مۆڵەتی وەرگرتنی نەخۆشی دەرەکی پێدەدرێت

reset font size increase font size

پەرلەمانتارێکی ناوچەی هەورامان ڕایگەیاند، شارۆچکەی پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانای بەرزی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی کەرتی تەندروستی و چارەسەری پزیشکی لە ڕۆژئاوای ئێران.

 هاوکات قایمقامی پاوەش ئاشکرای دەکات کە شارەکە مۆڵەتی فەرمیی گەشتیاریی پزیشکی و وەرگرتنی نەخۆشی دەرەکی پێدراوە.

ڕستگار یووسفی، نوێنەری پاوە و هەورامان لە پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان و بەرپرسانی تەندروستیی ناوچەکە ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی پزیشکانی پسپۆڕ و لێهاتوو، زەمینەی گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی لە پاوە لەبارە، بۆیە پێویستە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی MRI و کەرەستەی دیکەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شارەکە بخرێتە پێشینەی کارەکانەوە.

یووسفی ئاماژەی بە پڕۆژە تەندروستییەکانی دیکەی ناوچەکەش کرد و وتی، پڕۆژەی نەخۆشخانەی ڕوانسەر لە ماوەیەکی کورتدا یەکلایی کراوەتەوە و ئێستا بودجەیەکی سەربەخۆی بۆ تەرخان کراوە.

پاوە؛ مۆڵەتی وەرگرتنی نەخۆشی دەرەکی پێدراوە

لەلایەکی دیکەوە، فەرزاد ئەڵماسی، قایمقامی پاوە لە کۆبوونەوەکەدا سەرنجی خستە سەر پێگەی گەشتیاریی ناوچەکە و ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی "قودس" لە پاوە خاوەن توانایەکی باشە، بەڵام بەهۆی قەبارەی زۆری هاتوچۆی گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەکی، پێویستە تێڕوانینێکی فراوانتر بۆ کەرتی تەندروستیی شارەکە هەبێت.

قایمقامی پاوە ئاشکرای کرد: "پاوە مۆڵەتی فەرمیی بۆ پێشوازیکردن و وەرگرتنی نەخۆشی دەرەکی وەرگرتووە، بۆیە کوالێتیی ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانەی لێرە پێشکەش دەکرێن، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەزامەندیی گەشتیارانی دەرەکی دەبێت."

کێشەی کەمیی کارمەند و پێویستیی بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی لە مەرزی شوێشمێ

ئەڵماسی پێویستییەکی دیکەی گرنگی ناوچەکەی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە مەرزی "شوێشمێ" (هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان) گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە بەهۆی هاتوچۆی فراوانی گەشتیاران لەو مەرزەوە، دەبێت پزیشک، دەرمانی پێویست و فریاکەوتنی خێرا لەو ناوچەیەدا بەردەوام ئامادە بن.

قایمقامی پاوە لە کۆتاییدا هۆشداریی دا کە ژێرخانی نەخۆشخانەی قودس تا ڕادەیەکی زۆر تەواو بووە، بەڵام میلاکی هێزی مرۆیی و کارمەندان تێیدا هاوسەنگ نییە لەگەڵ ئەو قەبارە زۆرەی خزمەتگوزارییەی کە پێشکەشی دەکات، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کادری پزیشکی؛ بۆیە داوای لە وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی کرماشان کرد کێشەی کەمیی کارمەند لە پاوە بە زوویی چارەسەر بکەن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.