بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پارێزگای حەسەکە وادەی فەرمیی چاوپێکەوتنی ئەو هاوڵاتییە کوردانەی دیاری کرد کە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی سوری.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەکە لە تەممووزی ئەمساڵدا دەستپێدەکات و یەکەم گرووپی هاوڵاتییانی کورد لە نێوان ڕێکەوتی 6 بۆ 12ی تەممووزدا سەردانی بنکەکان دەکەن بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەکانیان.
ئەم هەنگاوە مێژووییە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 13 و ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان حکومەتی کاتیی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دێت.
ئەم ڕێککەوتنە پاش چەندین دەیە بۆ یەکەمجار ڕێگە بەو هاوڵاتییە کوردانە دەدات کە لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کرابوون، ببنە خاوەنی فەرمیی ڕەگەزنامەی کۆماری سوریا.
لەم چوارچێوەیەدا، کارگێڕیی پارێزگاکە داوا لە سەرجەم داواکاران دەکات کە لە ڕێگەی لیستە بڵاوکراوە و هاوپێچەکانەوە بەدواداچوون بۆ کات و شوێنی وردی چاوپێکەوتنەکانیان بکەن، تاوەکو لە کاتی دیاریکراودا ڕاستەوخۆ سەردانی ئەو بنکە ئەمنیی و کارگێڕییانە بکەن کە بۆیان دەستنیشانکراوە.