ڕاستەوخۆ

وەزیری تەندروستی: لە شەش مانگدا نزیکەی 12 ملیار دینارمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج کردووە

reset font size increase font size

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ شاری سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان نزیکەی %90ی دەرمانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بەردەستە و جەختیشی لەسەر هەوڵەکان بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێ و گەورەتری هیوا کردەوە.

وەزیری تەندروستی بە یاوەری وەفدێکی باڵا سەردانی چەند نەخۆشخانە و بنکەیەکی تەندروستیی سلێمانی کرد. لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لە ساڵی ٢٠٢٥ حکومەت نزیکەی ٢٨ ملیار دیناری بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کردووە، هەروەها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦یشدا ١٢ ملیار دیناری دیکە بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی خەرج کراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت گفتوگۆیان لەسەر پاڵپشتیی زیاتری نەخۆشخانەکە کردووە، هاوكات سوپاسی خێرخوازانیشی کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. سامان بەرزنجی هۆشداریدا لە کەمیی کارمەندانی تەندروستی و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕووبەڕووی کەمیی زیاتر لە ١٤ هەزار پۆست بوونەتەوە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەش داوای ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد تاوەکو بەرپرسیارێتیی دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، دووپاتیشی کردەوە کە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان دادەمەزرێن.

لە کۆتاییدا وەزیری تەندروستی تیشکی خستە سەر دەستپێشخەرییەکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF) بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی تایبەت بە چارەسەرکردن و پاککردنەوەی ئاوی پیسی نەخۆشخانەکان، کە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی وەسفی کرد.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.