وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر هێلکە و مریشکی هاوردە دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لەو دوو بەرهەمەدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و تەنانەت هەناردەش دەکات، هەربۆیە ئەم بڕیارە داهاتی ناوخۆ و کێڵگە پەلەوەرییەکان دەخنکێنێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کۆی 59 پروژەی هێلکەی مێز، ساڵانە زیاتر لە 4 ملیار هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ تەنها 1 ملیار هێلکەیە.
هەروەها، لە کۆی زیاتر لە 2,100 پروژەی مریشک، ساڵانە سەروو 450 هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پێویستیی هەرێمی کوردستان تەنها 150 هەزار تۆنە.
داواکارییەک بۆ حکومەتی عێراق
وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە شوێنی هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی هاوکاریی دابینکارانی ئالیک و خاوەن کێڵگەکان بکات بۆ ئەوەی پشتگیریی بەرهەمی نیشتمانی بکرێت.
"لابردن یان دواخستنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت، زیانێکی دارایی قورس بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت و هەلی کاری دەیان هەزار هاوڵاتی دەخاتە مەترسییەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی، بەشێکی زۆریان بۆ پارێزگاکانی تری عێراق و دەرەوەش هەناردە دەکرێن و بوونەتە سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆ.