ڕاستەوخۆ

وەزارەتی ناوخۆی ئێران: هەوڵی گەمارۆدانمان سەرناگرێت و هاوردەکردنی کاڵا لە سنوورەکانەوە ئاساییە

reset font size increase font size

حکومەتی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە سەرەڕای ڕاگرتنی پڕۆسەی جەنگ، دۆخی ناوچەکە هێشتا بە تەواوی جێگیر نەبووە، بەڵام هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکە لە حاڵەتی ئامادەباشی پێشوەختەدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.

عەلی زەینیوەند، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە تاران ڕایگەیاند، "سەرەڕای وەستانی شەڕ و پێکدادانەکان، دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە هێشتا ناسەقامگیرە و دەکرێت بڵێین لە نێوان دۆخی 'نە جەنگ و نە ئاشتی'داین؛ بەڵام هێزە چەکدارەکانمان لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان، ئەمەش خۆی بووەتە هۆی دڵنیایی و ئارامیی بۆ هاووڵاتیان."

لەبارەی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و بژێویی خەڵک لەم قۆناغەدا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە هێڵەکانی بازرگانیدا کرد و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی لە سنوورەکانی باشوورەوە (کەنداوی عەرەبی) ڕووبەڕووی هەندێک بەربەستی گەورە بووینەتەوە، بەڵام لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باکوورەوە(هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە) کاڵا سەرەکی و بنەڕەتییەکان بۆ ناوخۆی وڵات دابین دەکرێن." زەینیوەند جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ گەمارۆدانی ئابووریی ئێران هیچ کاتێک سەرناگرێت.

گوتەبێژەکە دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە هیچ ئاماژەیەکی نیگەرانکەر لەبارەی ئاسایشی نێوخۆ و ئاسایشی سنوورەکانەوە لەئارادا نییە و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئێستا باڵادەستی و دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانیان بەسەر تەواوی هێڵە سنوورییەکاندا زۆر زیاتر و توندترە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بوو بە چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردومان و شەڕەکەوە بە کەرتی نیشتەجێبوون کەوتوون. زەینیوەند گوتی: "لیژنەی سەرپەرشتیاری ئاوەدانکردنەوە لە حکومەت بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار پێکهێنراوە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش تێیدا چالاکن."

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، لەم شەڕەدا زیان بە 118 هەزار و 180 یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووە؛ لەو ڕێژەیەش 78 هەزار و 330 یەکەیان زیانی کەمیان بەرکەوتووە، 8 هەزار و 134 یەکەیان زیانی قورسیان هەیە و 2 هەزار و 529 یەکەی نیشتەجێبوونیش بە تەواوی وێران بوون و پێویستیان بە بونیادنانەوەی سەرلەنوێ هەیە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە ئامانجەکانی جەنگدا تووشی سەرلێشێوان بووە و ئیماراتیش لەم قەیرانەدا لە پاڵ بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا وەستاوەتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.