وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی ساڵانی 2019 تا 2025، داتا و زانیاریی وردی لەسەر قەبارەی ئەو قەرز و پێشینانە ئاشکرا کرد کە لای هاووڵاتییان، فەرمانبەران و بازرگانان ماونەتەوە و کۆی گشتییان سێ ترلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی، پێشکەشکردنی قەرز و پێشینەکانی وەک (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار) لە ساڵی 2008ـەوە بەردەوام بوو، بەڵام دوای ساڵی 2014 بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بە تەواوی ڕاگیران.
بەگوێرەی دارایی ئاماژەی بە کۆمەڵێک هەنگاو و ئاسانکاری کردووە کە لە نێوان ساڵانی 2019 تا 2026 بۆ هاوکاریکردنی قەرزدارەکان جێبەجێ کراون، لەوانەش: لێخۆشبوونی 100% لە سوودی دواکەوتنی قەرزەکان، لێخۆشبوونی 15% لە بڕی راستەقینەی پێشینە جۆراوجۆرەکان بۆ چەند جارێک، لێخۆشبوونی تەواوی پێشینەی خانووبەرە بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش و بەخشینی سوودی پێشینەی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی نێو پەرتووکەکە، دۆخی گەڕانەوەی قەرزەکان بەم شێوەیەیە:
قەرزی گەڕاوە (2019 - 2025): پتر لە 539 ملیار و 511 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.
قەرزی ماوە لای هاووڵاتییان: تا کۆتایی ساڵی 2025، نزیکەی یەک ترلیۆن و 918 ملیار و 88 ملیۆن دینار لای هاووڵاتییان ماوەتەوە.
قەرزی ئاسانکاری (بازرگانان): کۆی قەرزەکە لەگەڵ سوود و سزای دواکەوتنیدا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ترلیۆن و 367 ملیار و 625 ملیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە کە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاوە بۆ سووککردنی باری دارایی سوودمەندانی قەرزی ئاسانکاری، تاوەکو بتوانن بە شێوازێکی گونجاو ئەو پارانە بۆ خەزێنەی گشتیی حکومەت بگێڕنەوە.