لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا کە بۆ نوچە تیڤی نێردراوە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی نوێی دەربارەی پرۆسەی دامەزراندنی کارمەندان بۆ نەخۆشخانەکانی شار و شارۆچکەکان خستە ڕوو.
ئەم ڕوونکردنەوەیە وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە پشتگوێخستنی هەڵەبجە دەکەن لە بەرانبەر دامەزراندنی کارمەند لەم کەرتەدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە، هەڵەبجە وەک یەکەمین پارێزگا دەستی بە پرۆسەی دامەزراندن کردووە و تا ئێستا 151 کارمەند لە کەرتی تەندروستیی ئەو شارە دەستبەکاربوون.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە، ئەم ژمارەیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی وەک هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەرزترین ڕێژەی دامەزراندنە.
لە بارەی شێوازی وەرگرتنی کارمەندەکان، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، بنەمای سەرەکیی بۆ دامەزراندن بریتییە لە متمانەپێدراوی زانکۆکان بە بێجیاکاری لە نێوان زانکۆ حکومی و تایبەتەکان. هەروەها ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، ئەو ناوەندانەی دەرچووەکانیان وەرگیراوە، خاوەن متمانەی نێودەوڵەتین.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە، پارێزگای هەڵەبجە پێگەیەکی گرنگی لە پلانە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتدا هەیە و پرۆسەی پڕکردنەوەی میلاکات تێیدا بەردەوام دەبێت، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لەو شارەدا.