وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان پابەند دەکات لە هەموو حاڵەتێکدا نەخۆشی فریاکەوتن وەر بگرن.
لە نوسراوێکدا کە ڕێکەوتی ١٤ی ئەم مانگەی لەسەرە، وەزارەتی تەندروستی ئاگاداری سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتەوە، کە ڕەتکردنەوەی نەخۆش بە بیانووی نەبوونی شوێن، پارە، یان بێئومێدبوون لە چارەسەر، قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
هەر بە گوێرەی ئاگادارینامەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی ڕەوانەکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بەتایبەت حاڵەتەکانی فریاکەوتن، باری ناجێگیر و چاودێریی چڕ، ئەرکی نەخۆشخانەکانە دەستبەجێ نەخۆشەکە وەربگرن و هەموو کارێکی پێویستی پزیشکیی بۆ ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی ئاگاداری نامەکەدا، وەزارەتی تەندروستی دووپاتی دەکاتەوە ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش و چارەسەرکردنیان لە کاتی قەیران و کێشەکاندا ئەرکێکی سەرەکییە، و هەر کەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم بڕیارە بجووڵێتەوە، ڕێکاری توندی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.