وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر وڵاتەکەیان لەم مانگەدا (مانگی پووشپەڕ/تیر)، تاوەکو ئێستا 38 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون.
حوسێن کەرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لەم مانگەدا تاوەکو کاتژمێر 6:30ی بەیانیی 26ی تیر (16ی تەممووز)، ژمارەی بریندارانی هێرشەکانی ئەمریکا 400 کەسی تێپەڕاندووە و 38 هاووڵاتیش گیانیان لەدەستداوە (شەهید بوون).
بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە تەندروستییە، لە نێوان قوربانییەکاندا 22 ژنی بریندار، سێ ژنی گیانلەدەستداو، نۆ برینداری خوار تەمەن 18 ساڵ و منداڵێکی گیانلەدەستداو هەن؛ هاوکات لە ئێستادا 47 برینداری دیکەش لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
خولی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 16ی پووشپەڕەوە (6ی تەممووز) وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەئامانجگرتنی چەند کەشتییەک لە گەرووی هورمز دەستیپێکرد؛ لەو کاتەوە ئێران زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەنجامداوە کە تێیدا بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.