وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە هێزە بەرگرییەکانی وڵاتەکەیان توانیویانە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەنێوببەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورە ئاسمانییەکانی عێراقەوە هاتوونەتە ناو خاکی سعوودیە.
تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە سیستەمە بەرگرییەکان بە وردی چاودێریی جووڵەی ئەو درۆنانەیان کردووە و پێش ئەوەی بگەنە هیچ ئامانجێکی دیاریکراو، لە ئاسماندا تێکشکێنراون.
مالیکی وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو کارە، پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ریاز بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری پاراستنی سەروەریی خاکەکەی نابێت و "مافی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانەی لە کات و شوێنی گونجاودا بۆ خۆی دەپارێزێت."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو جەرگەی ململانێیەکی قووڵدایە و بەردەوام هۆشداری دەدرێت لەوەی خاکی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتێکی وەک سعودیە لە رێگەی گروپە چەکدارەکانەوە، مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی وزە و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات و دەکرێت کێشە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغدا و ریازیش بەرەو ئاڵۆزیی ببات.