سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک کێشەی کەمیی خۆراک لە هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە و دۆخی دابینکەران و بازاڕ سەقامگیرە.
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکاندا، بریکاری وەزارەتی بازرگانی ڕوونیشی کردەوە کە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ لە وڵاتانی بەرهەمهێنەر و زیادبوونی تێچووی هاوردەکردن لە دەرەوەی وڵات.
جەختیشی کردەوە کە خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسیی کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەبێتە هۆی وەگرتنی باجی زیاتر و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گرانبوونی کاڵاکان هەبووە، هاوکات تۆمارنەبوونی بەشێک لە بازرگانان لە سیستمی ئەسیکۆدا و نەدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بەو بازرگانانە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانن.
لە کۆتاییشدا سەروەر هاواری ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوام لەسەر هێڵن و ڕێگە نادەن هیچ لایەنێک دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە، هەروەها ڕێکاری توندی یاسایی بەرانبەر هەر سەرپێچیکار و قۆرغکارێک دەگیرێتەبەر.