ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئاگربەست و گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە لە سعودیە کۆدەبنەوە.
بڕیارەئەمڕۆ، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لە شاری جەددەی سعودیە، بۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی نائاسایی کۆببنەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی عەرەبیە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە ئاگربەستی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە و تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە بەدی نەکراوە.
پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و تاران لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە بەهۆی هێرشەکانی حکومەتی ئیران بۆ سەر ئەو وڵاتانە، تووشی گرژییەکی توند بووە.
لە درێژەی ئەم جەنگەدا، سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە گروپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک وڵاتانی دراوسێیان لە ناوچەی کەنداو کردووەتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە لوتکەی جەددە ببێتە ناوەندێک بۆ تاوتوێکردنی ستراتیژییەکی هاوبەش بەرانبەر ئەو هەڕەشانە.