سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ کردنەوە و گەڕانەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێتی جیهانی لە ئێران دوای بڕانی بۆ ماوەی 88 ڕۆژ بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، بەکارهێنەران لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی کۆسپێکی نوێ بوونەتەوە کە ئەویش بلۆککردنی تەواوی تۆڕی "واتسئاپ"ە.
پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ئەم دواییە و بڕانی گشتیی ئینتەرنێت، لە نێوان تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی جیهاندا، واتسئاپ تەنیا نامەبەری نێودەوڵەتی بوو کە بەبێ بەکارهێنانی سۆفتوێری هێڵی نهێنی (VPN) لە ناوخۆی ئێراندا لەبەردەست بوو.
ملیۆنان هاووڵاتی و خاوەنکار بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارە بازرگانی، خوێندن و پەیوەندییە خێزانییەکانیان ڕۆژانە پشتیان پێدەبەست.
بەڵام ئێستا لەگەڵ سەرلەنوێ بەستنەوەی ئینتەرنێت، ئێرانییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم دەرچەیەش هاوشێوەی ئینستاگرام و تێلێگرام فلتەرکراوە.
هاوشانی کێشەی واتسئاپ، پایگای هەواڵیی "سیتنا"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران ڕایانگەیاندووە کە ناتوانن بچنە ناو کۆگای دیجیتاڵی "گووگڵ پلەی" (Google Play) و پڕۆسەی دابەزاندن یان نوێکردنەوەی بەرنامەکانیان پەکیکەوتووە.
ئەم ئاستەنگە تەکنیکییە لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای گەڕانەوەی ئینتەرنێتدا، شارەزایانی تەکنەلۆجیا هۆشداریی توندیان دابووە هاووڵاتییان کە دەستبەجێ سیستمەکانی کارپێکردن، وێبگەڕەکان، دژەڤایرۆسەکان و ئەپڵیکەیشنە گرنگەکانیان نوێ (Update) بکەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ئامێرەکانیان لە هەر هێرشێکی ئەلیکترۆنی یان دزەکردنی زانیارییەکان کە لەو ماوە درێژەی بڕانی ئینتەرنێتدا دروست بووە.
بەڵام ئێستا بەهۆی بەردەوامیی فلتەرین و سنووردارکردنی سێرڤەرەکان، بەکارهێنەران هەم لە پەیوەندی و هەم لە پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئامێرەکانیان تووشی کێشەی جدی بوونەتەوە.