ڕاستەوخۆ

هەڵەیەکی تەکنیکی لە پەیامی نەورۆزی دەوڵەت باخچەلی هەرای نایەوە

reset font size increase font size

بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە)، کە بە بۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوی کردبووەوە و تێیدا دەستەواژەی (جوگرافیای کورد)ی بەکارهێنابوو، کاردانەوەی بەرفراوانی لەناو میدیاییەکانی تورکیا لێکەوتەوە، بەڵام دواتر بابەتەکە وەک هەڵەی ڕینووس نیشاندرا و خرایە ملی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نزیک لەو پارتە.

کەناڵی (بەنگو تورک تیڤی)، کە بە زمانحاڵی نافەرمی مەهەپە دەناسرێت، ڕایانگەیاندووە، لە کاتی داڕشتنەوەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی باخچەلی بۆ جەژنی نەورۆزی 2026، تووشی هەڵەی ڕینووسی بووە. لە نووسراوەکەی سەر ماڵپەڕی کەناڵەکەدا، لەبری وشەی Türk (تورک)، وشەی Kürt (کورد) نووسرابوو، ئەمەش وایکرد دەقەکە بەم شێوەیە دەربکەوێت: نەورۆز لە جوگرافیای گەورەی کورددا هێمای یەکڕیزی و ئاشتییە.

بەهۆی ئەوەی باخچەلی بە یەکێک لە سەرکردە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا دادەنرێت، ئەم هەڵەیە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەنزەوە ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە باخچەلی گۆڕانکاری بەسەر گوتارەکەیدا هاتووە و هەموو تورکێک بە کورد دەبینێت، بەڵام لایەنگرانی مەهەپە دەستبەجێ داوای ڕوونکردنەوەیان کرد.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک، بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی (بەنگو تورک تیڤی) هەواڵەکەیان ڕاستکردەوە و ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەستەواژەیەی لە هەواڵەکەدا ئاماژەی پێکراوە (مەبەست لێی وشەی کوردە)، هەڵەیەکی تەکنیکی و بێئاگایی سەرنووسەری هەواڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەقی ڕاستەقینەی پەیامەکەی دەوڵەت باخچەلییەوە نییە.

بەم هۆیەشەوە، کەناڵەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەم هەڵە گەورەیە و دروستکردنی تێگەیشتنی چەوت، بڕیاریانداوە سەرنووسەری هەواڵەکان لە کارەکەی دوور بخەنەوە.

لە ڤیدیۆکەدا، باخچەلی بە ڕوونی دەڵێت، "Nevruz büyük Türk coğrafyasında..." واتە (نەورۆز لە جوگرافیای گەورەی تورکدا...). باخچەلی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەخت لەسەر نەتەوەی تورک و "بەها نەتەوەییەکانی تورکیا دەکاتەوە و نەورۆز وەک جەژنێکی دێرینی تورکەکان دەناسێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.