رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایانگەیاند، توانیویانە تا ئێستا ناسنامەی ٢٥٧ هاووڵاتی کورد ئاشکرا بکەن، کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە راپۆرتێکێدا بڵاویکردەوە، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، زیاتر لە ٢٥٠ هاووڵاتی کورد کوژراون. ئاماژەی بەوەشکرد: لەنێو کوژراوەکاندا ناسنامەی ١٩ ژن و ٢٠ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، ئاشکرا بووە.
راپۆرتەکە دەریدەخات زیاترین رێژەی گیانبەختکردوانی کورد لە پارێزگای کرماشانە، تا ئێستا ناسنامەی ١٤٥ کەسیان ئاشکرا بووە. دوای کرماشان، هەر یەک لە پارێزگاکانی ئیلام و سنە و خۆراسان زۆرترین رێژەی کوژراوانی کوردیان تێدا تۆمار کراوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی هێرانا، لە دوایین راپۆرتی خۆی بڵاویکردەوە، تا ئێستا ناسنامەی نزیک بە حەوت هەزار کەسی بۆ ئاشکرا بووە، کە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، گیانیان لەدەستداوە و بەدواداچوونیی بۆ دۆخی زیاتر لە ١١هەزار کەسی دیکە بەردەوامە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ناسنامەی ١٧٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەناو کوژراوەکان ئاشکرا بووە. ژمارەی بریندارەکانیشی بە زیاتر لە ١١هەزار کەس دیاریکردووە. هێرانا، سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان رایگەیاند، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسی تێپەڕ کردووە و ٣١١ کەس ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون.