فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق ئاماری فەرمی چالاکییە سەربازییەکانی خۆی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 20 هەزار هێرش و گەڕانی ئاسمانییان ئەنجامداوە و 675 تیرۆریستیان کوشتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق، لە ماوەی نێوان 1ـی کانوونی یەکەمی 2014 تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق 20,071 گەڕان و هێرشی ئاسمانییان دژی پێگە و مۆڵگەکانی گروپە چەکدارەکان و تیرۆریستان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وردەکاریی چەک و تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان ئاشکرا کراوە و هاتووە، لە هێرشەکاندا 2,753 مووشەکی جۆری "هێڵ فایەر" (Hellfire) بە وردی ئاراستەی ئامانجەکان کراون، هاوکات 13,176 پارچە تەقەمەنی بە قەبارەی جیاواز بەکارهێنراون.
بەهۆیانەوە 675 تیرۆریست کوژراون و 280 شانە و حەشارگەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تەواوەتی خاپوور کراون.
فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق تیشکی خستووەتە سەر پەرەپێدانی تواناکانی و ڕایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 لەم ماوەیەدا بەشدارییان لە زنجیرەیەک ڕاهێنانی هاوبەشی نێودەوڵەتیدا کردووە لەگەڵ سوپای وڵاتانی ئەمریکا, فەڕەنسا, ئیتاڵیا و ئوردن، و هەوڵەکانیش بۆ فراوانکردنی ئەم هاوپەیمانیێتییانە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی وڵات بەردەوامن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزی ئاسمانیی عێراق جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان وەک "دەستێکی باڵا" بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەمێننەوە و پاراستنی کایەی ئاسمانیی عێراق بە ئەرکی لەپێشینەی خۆیان دەزانن.